الأحد، 3 مارس 2013

چوارەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو

چوارەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو

03:22:03/03/2013
مامۆستا ساكار.
وارڤین – سلێمانی: بە ئامادەبوونی دایكی مامۆستا ساكار و تۆمەتباری كەیسەكە و سێ دادوەر و داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری و شاهێدێك لە گروپی ژیانەوە، ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی دووبارە دادگاییكردنەوەی تۆمەتباری كەیسی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەكشەممە (3 / ئازار – مارس / 2013)، دادگای سلێمانی سێیەم دانیشتنی كەیسەكەی بە نهێنی و دوور لە راگەیاندن، بەڕێوە برد و تێیدا، ئیفادەی كۆتایی دایكی مامۆستا ساكار وەرگیرا، كە پێشتر بە هۆی ئامادەنەبوونییەوە، دانیشتنی رۆژی چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ.

لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەی دادگادا، گەواهیدانی ئەندامێكی گروپی ژیان وەرگیرا، كە پێشتر قسەی لەگەڵ دایكی مامۆستا ساكار كردبوو.

بە گوێرەی گوته‌ى سه‌رچاوه‌يه‌كى ئاگادار له‌ رێوڕه‌سمى به‌ڕێوه‌چوونى دادگاكه‌ بۆ (وارڤین)، دۆسییەی دادگاییكردنەكە بە ئاراستەی بەرژەوەندی تاوانلێكراو (مامۆستا ساكار) بەڕێوەدەچێت و دایكی ئیفادەیەكی جیاوازتری لە جاری پێشووی پێشكەش دادگا كردووە.

 لە سەر داوای بەڕێوبەری داواكاری گشتی سلێمانی، دادگا داوای كرد، ئەو كەسەش ئامادە بكرێت كە شاهێدی بەرگرییە لە تۆمەتبار و دەگوترێت، شەوی روودانی تاوانی كوشتنی مامۆستا ساكار لەگەڵ تۆمەتبارەكەدا بووە.

بۆ ئامادەكردنی ئەو شاهێدە و وەرگرتنی گەواهیەكەی، دادگا، دانیشتنەكەی دواخست بۆ رۆژی چوارشەممە (13 / ئازار – مارس / 2013).

لە دانیشتنی سێيه‌مدا، كە رۆژی  چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، بڕیار بوو لەسەر داوای داواكاری گشتی، دایكی مامۆستا ساكار وەك گەواهیدەر ئامادە بێت، بەڵام وەك پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار رایگەیاند، دایكی ناتوانێت ئامادەبێت و بێزاری خۆی لە رێككارەكانی دادگا دەربڕیوە، هەربۆیە دانیشتنەكە دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: