الأحد، 3 مارس 2013

هەولێر: پياوێك هاوسەرەكەی خۆی كوشت

هەولێر: پياوێك هاوسەرەكەی خۆی كوشت
11:48:03/03/2013
وارڤین – هەولێر: پێشمەرگەیەكی (زێڕەڤانی)، بە كڵاشینكۆف، هاوسەرەكەی خۆی لە گەڕەكی (تەیراوە)ی هەولێر كوشت و لە پێنجشەممەی رابردووەوە رایكردووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، (28 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە گەڕەكی (تەیراوە)، كە یەكێكە لە گەڕەكە كۆنەكان و كەوتووەتە نێوان شەقامەكانی (30م و 60م)یەوە، پیاوێك بە ناوی (ف.م.ع) لەدایكبووی (1975)، پێشمەرگەی زێڕەڤانی، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە، بە چەكی پیشەكەی، هاوسەرەكەی خۆی كوشت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەكی نزیك لە رووداوەكە، رایگەیاند، ژنەكە ناوی (مهاباد سابر عەزیز)ە و لەدایكبووی ساڵی (1979)یە، لەسەر میلاكی وەزارەتی كشتوكاڵ، فەرمانبەر بووە لە فەرمانگەیەكی حكومی و دوای ئەوەی هاوسەرەكەی بە كڵاشینكۆف تەقەی لێكردووە دەستبەجێ ژیانی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، منداڵی (مهاباد) و دراوسێیەكیان شەڕیان كردووە و كێشەكەیان ئاڵۆز كردووە و هاوڕێ لەگەڵ بریندار كردنی یەكێك لە ئەندامانی خێزانی دراوسێیان (ف.م.ع) تەقەی لە هاوسەرەكەی خۆیشی كردووە و بەهۆی  بەركەوتنی فیشەكەكان دەستبەجێ ژیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی (وارڤین)، بكوژەكە، لە ناوجەرگەی شارەوە، بەرو شوێنێكی نادیار رایكردووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هەولێری بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی، رائید (ژیلەمۆ عەبدولقادر) رایگەیاند، پۆلیس پەڕاوی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە.

گوتیشی: "هۆكاری كوژرانی ئەو ژنە، كێشەی شەڕكردنی منداڵان بووە و تاوانەكە بە پاساوی شەرەفپارێزی ئەنجام نەدراوە".

لە هەرێمی كوردستاندا، هێزە ئەمنییەكانی (پێشمەرگە، ئاسایش، زێڕەڤانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، كادیرانی حزبی، بەرپرسانی حزبی، پاسەوانی بەرپرسان، كۆمپانیا ئەمنییەكان)، لەدوای كاتی دەوام و لە كاتی مۆڵەت خواستن و پشوویدا چەكەكانیان لەگەڵ خۆیان لە شوێنی ئەركیانەوە دەبەنەوە ماڵ و ئەمەش بووەتە هۆی روودانی دەیان حاڵەتی تاوانكاری.

لەو بارەیەوە (وارڤین) پەیوەندیكرد، بە ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و ئەوان روونیانكردەوە، تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، هیچ بڕیار و رێنماییەكی بۆ قەدەغەكردنی بردنە دەرەوەی چەك لە شوێنی كاركردن دەرنەكردووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان تێبینیكراوە، بەشێك لە حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان و كوشتنی ژندا، ئەنجامدەرانیان پیاوانی ئەندامی هێزە ئەمنییەكانن.

پێشتر  دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، لە راپرسییەكی بەرفراواندا، هۆشداریدایە لایەنە رەسمییەكان لە بارەی بڵاوبوونەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن پارچە چەكی سووك و قورس لە سێ پارێزگای هەرێمدا و  لە بارەی پەیوەندی چەك بە توندوتیژی دژ بە ژنانەوە، بە رێژەی (%75)ی بەشدارانی راپرسیەكە رایانگەیاندووە چەك پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەو پرسەوە هەیە و (%85)ی بەشداربووانیش رایانگەیاندبوو، پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت بۆ نەهێشتنی چەك لە ماڵان و بەدەستی خەڵكەوە.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: