الخميس، 7 مارس 2013

چالاكێك: دروستكردنی گروپی (یەكدەنگ) گوماناوییە

چالاكێك: دروستكردنی گروپی (یەكدەنگ) گوماناوییە
چالاكێك: دروستكردنی گروپی (یەكدەنگ) گوماناوییە
06:28:07/03/2013
ژنانى ئه‌ندامى گروپى يه‌كده‌نگ
وارڤین – هەولێر: دروستكردنی گروپێك بەناوی (یەكدەنگ)، لە شاری هەولێرو راگەیاندنی یادداشتێك، كە تێیدا بانگەشەی ئەوە كراوە "دەستكەوتی زۆر بەدەستهاتوون" بۆچوونی جیاوازی لێكەوتووەتەوە و لەوبارەیەوە، ژنە چالاكوانێك رایدەگەیەنێت، ئەو گروپە بۆ ئەوەیە بگوترێت ئێمەش هەین و هەر لە ئێستاوە كەوتوونەتە موجامەلەكردنی حكومەت.

ئەمڕۆ، پێنجشەممە (6 / ئازار – مارس / 2013)، لە شاری هەولێر، (10) رێكخراوی حزبی و ژمارەیەك چالاكی مافەكانی ژن، گروپێكیان بەناوی (یەك دەنگ) راگەیاند و یادداشتێكیان بڵاو كردەوە.

راگەیاندنی ئەم گروپە، لە كاتێكدایە لە شاری سلێمانی گروپێكی فراوان بە ناوی (گروپی ژیان)، چالاكی ئەنجامدەدات و دروستكردنی ئەم گروپەش بە هاوبەشیە لە نێوان ژمارەیەك رێكخراو و چالاكی سلێمانی و هەولێر.

لە بارەی هۆكاری دروستكردنی ئەو گروپە، چالاكی بواری مافەكانی ژن، (رازاو حەمە) رایگەیاند، پێكهێنانی ئەم گروپە لەم كاتەدا، بۆ ركابەریكردنی گروپی ژیان و دووبارەكردنەوەی ئەزموونی كاركردنی رێكخراوەكانی ژنانە و هیچ حەماسەتێكی ئەوتۆی تێدا نابینم.

ئەو ژنە چالاكە، كە خۆی یەكێك بووە لە بەشداربوانی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی گروپەكە، گوتی: "لەو بڕوایەدام ئەم گروپە، حكومەت و لایەنێك لە پشتییەوە بێت و بودجەشی بۆ تەرخان بكرێت و تەنیا بۆ ئەوەی بگوترێت بەرامبەر بە گروپ ژیان ئێمەش هەیە"، ئەم قسانەی (رازاو حەمە) لەكاتێكدایە، كە خۆی ئەندامی هیچ گروپێك نیە و وەك خۆی گوتی "ئارەزووی كاركردنی لەو جۆرە گروپانەدا نیە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، پارێزەر (رازاو حەمە)، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە لەناو یادداشتەكەی (گروپی یەك دەنگ)دا باس لەوە كراوە "دەستكەوت" بەدەستهاتوون، لەو بارەیەوە گوتی: "كامە دەستكەوت بەدیهاتوون لە كاتێكدا رەوشی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت و رۆژانە توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان لە پەرەسەندندان".

لە یادداشتی گروپەكەدا كە ئەمڕۆ راگەیەندرا هاتووە: "لەم رۆژەدا هەمووان وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو دەستكەوت و گەشەسەندنانەی‌ لە كۆمەڵگادا بەدیهاتوون، هاوكات  هەڵوەستە دەكەین لە ئاست ئەو كەمتەرخەمی و كەموكورتیانەی لە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بەژنان دەكرێن بەتایبەت كوشتنی ژنان بەتۆمەتی شەرەف و خۆكوشتنی ژنان".

وەك (رازاو حەمە)، ئاماژەی پێكرد، گروپەكە هەر لە یەكەم یادداشتیاندا، كەوتوونەتە "موجامەلە كردنی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی"، پێشێلكاری و پشتگوێخستنی پرسی ژنیان بە "كەمتەرخەمی و كەموكورتی" ناوبردووە و گوتیشی: "هیچ دەستخۆشییەك لە حكومەت ناكەم".

ئه‌و ژنه‌ چالاكه‌، هيواشى خواست دواى هه‌شتى مارس، ئه‌و گروپه‌ بتوانێت كار و پڕۆژه‌ى به‌رفراوان بۆ خزمه‌تى ژنان ئه‌نجام بدات و ته‌نيا كار له‌سه‌ر كه‌يسه‌كانى خۆيان نه‌كه‌ن، به‌ڵكو پڕۆژه‌يه‌ك ئه‌نجام بده‌ن كه‌ ژنان به‌ گشتى لێى سوودمه‌ند بن.

ليست هناك تعليقات: